سۆران حوسێنی
تا ئێستا سه‌باره‌ت سواره‌ی ئیلخانی زاده زۆر بابه‌ت و وتار نوسراوه که لێره و له‌وێ و له گۆڤار و ڕۆژنامه و نامیلکاندا بڵاو بۆته‌وه و به تۆکمه‌یی نه‌کراوه به کتێبێکی سه‌ر به خۆ ، تاکوو بیر و بۆ چوونه تایبه‌تی و گرینگه‌کان سه‌باره‌ت شێعر و به‌رهه‌می سواره بڵاو ببێته‌وه ؛ به چه‌شنێک که پێناسه‌یه‌کی ڕه‌سه‌ن و پڕ به پێستی شیعره‌کانی سواره بێ و بۆ ئه‌وه بشێت که ته‌واوی باسه سه‌ره‌کیه‌کانی شیعر و به‌رهه‌می سواره و تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی سواره‌ی تێدا بێته به‌ر باس و تۆژینه‌وه . سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ڕوانگه‌ی جۆراو جۆر و جیاواز نه‌یهێشتوه سواره وه‌ک خۆی بێته ناسین. سواره له ڕوانگه‌ی ڕامیاری و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه ، له ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه ، له ڕوانگه‌ی زمانیه‌وه و هتد هاتۆته به‌ر باس به‌ڵام ئه‌وه‌ی که پێویست و زه‌روورییه ؛ واته ئه‌وه‌ی که سواره وه‌ک شاعیرێک ده‌بوو پێناسه بکرێت له زۆربه‌ی وتاره‌کانی تا ئێستادا به سه‌ر به خۆیی نه‌هاتووه و ئه‌مه‌ش له خۆیدا ڕه‌نگه ببێته هۆی لاوازی ئاوڕدانه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ییانه له سه‌ر شیعری سواره و به‌ڵکوو ئه‌وه باروو دۆخی به تایبه‌تی سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه که زیاتر پاڵ پێوه‌نه‌ری جۆرێک پێناسه له سواره بووه که زیاتر خۆی کێشاوه به لای قاره‌مان په‌روه‌رییه‌وه و خه‌رمانه‌یه‌کی بڕێک بڤه‌شی به ده‌وره‌دا کێشاوه که بۆته هۆی ئه‌وه‌ی که‌متر ڕه‌خنه‌ی لێ گیراوه . گومان له وه‌دا نیه که سواره به تێبینی ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی که به داخه‌وه کورت و که‌م مه‌ودا بوو هه‌تا لووتکه‌ی شیعری سه‌رده‌می خۆی هه‌ڵکشا و شایانی ئه‌وه‌یه که وه‌ک یه‌کێک له پێشه‌نگه‌کان ئاوڕی جیددیتریشی لێ بدرێته‌وه به‌لام ئه‌وه‌ش به‌و مانایه نیه که نابێ خاڵه لاوازه‌کانی شیعری سواره بێنه به‌ر تیشکی تۆژینه‌وه و تاو و توێ کردن . ئه‌م وتاره ده‌یهه‌وێ سه‌رنجێکی ئه‌وتۆ ئه‌گه‌رچی سنووردار به له به‌ر چاو گرتنی کاتی کۆڕه‌که_ بداته‌وه شیعری سواره و له‌م پێوه‌ندیه‌دا چه‌ند خاڵێک ده‌ست نیشان بکات .
*
سواره و هه‌وڵدانی بۆ ئه‌زموونی گۆڕان و نوێ بوونه‌وه بابه‌تێکه که ده‌توانێ به چه‌شنێکی جیاوازه‌وه بدرێته‌وه به‌ر سه‌رنج و ته‌قه‌للاکانی سواره له‌م به‌ستێنه‌وه چاو لێ بکرێته‌وه تاکوو بزانین گۆڕان و نوێبوونه‌وه له ڕوانگه‌ی سواره‌وه له چ ئاستێکدایه.
سواره له وتارێکدا که له ژێر ناوی "\\'تحلیلی بر ادبیات کردی" نووسیویه ئاوا ده‌ڵێت:" ده‌بێ لێره‌دا به دڵنیاییه‌وه بگوترێ که شێوازی نوێ له ئه‌ده‌بی کوردی دا له بنه‌ڕه‌ت ڕا له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له ئه‌ده‌بی فارسی دا به ناوی نوێ ناوبرده ده‌کرێ جیاوازی هه‌یه . له ئه‌ده‌بی فارسی دا چه‌شنێک سوننه‌ت شکێنی و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی جێکه‌وتویی شێعری کۆن ده‌بیندرێت که هه‌زارساڵ مێژووی هه‌بوو و به هۆی شاعیرانی هه‌ڵکه‌وتووی وه‌ک فیرده‌وسی، سه‌عدی، حافظ و مه‌ولاناوه گه‌یشتبووه ته‌شقی جوانی و ناسکی ؛ له کاتێکا له شێعری نوێی کوردیا ته‌نیا ناوه‌رۆکه که بیچمێکی دیکه وه‌رده‌گرێ و له گه‌ڵ پێویستاتی سه‌رده‌م هاوده‌نگ ده‌بێ و قاڵب به‌ره‌و شێوازی به‌یتی یان باشتره بگوترێ شێوازی کلاسیکی شێعری کوردی وه‌رچه‌رخانی زیاتر وه‌خۆده‌گرێت . کورتی و درێژی دێڕه‌کان ، تێکدانی ڕێک و پێکی عه‌رووز له ده‌بێیه‌تی دوو دێڕداو نه زیاتر له هه‌ر شێعرێکا له تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی شێوازی نوێی شێعری کوردیه که ده‌قاوده‌ق له شێوازی به‌یتیشدا هه‌بووه"\\' .(1)
هه‌روه‌ها له شوێنێکی تردا و له وتارێکی دیکه‌دا له ژێر ناوی "چهره جامعه کرد"\\' دا که واده‌رده‌که‌وێت یه‌کێک له دوایین وتاره‌کانی ژیانیشی بێت ده‌نووسێت :"به‌ڵام له شێعری نوێی کوردی‌دا داهێنانێک نا؛ به‌ڵکوووه‌رچه‌رخانێک به‌ره‌و ڕابردوو بوو. شێعری نوێی کوردی ته‌نیا کارێ که له پانتایی گۆڕاندا جێبه‌جێی کرد ئه‌وه بوو که قاڵبگه‌لی به‌یتی و بڕگه‌یی ژیانده‌وه و ناوه‌رۆکێکی تازه‌ی هاوچه‌رخی ده‌و قاڵبانه هاویشت و به‌م شێوه ئه‌ده‌بی نوێی کوردی خۆ که‌وت. "\\'(2)
ئه‌م بۆچوونه‌ی سواره که له دوو وتاری جیاوازدا به شێوه‌یه‌کی نه چه‌ندان جیاواز دووپات ده‌بێته‌وه باوه‌ڕی سواره‌مان سه‌باره‌ت نوێ بوونه‌وه‌ی شێعر بۆ ده‌رده‌خات و نیشان ده‌دات که لای سواره قاڵب له شێوازی بڕگه‌یی به‌یته‌کانه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه و داهێنانێکی تایبه‌ت له قاڵبی شێعری دا له گۆڕێ نیه و ئاوڕدانه‌وه‌ی تازه بۆ به‌یته‌کانه که له جیهانی شێعردا ڕووده‌دات . لای سواره ئه‌وه ناوه‌رۆکه که وه‌ک بابه‌تگه‌لی سه‌رده‌میانه و هاوچه‌رخ نیشته‌جێی بابه‌ت و ناوه‌رۆکی ڕابردوو و سواوی شێعری ده‌کرێت. وه‌ک خۆی له وتاری که‌ی کێشه‌ی نێوان شێعری نوێ و کۆن ده‌بڕێته‌وه" ده‌ڵێ : به لای منه‌وه ئه‌گه‌ر شاعیرێک بتوانێ له قاڵبی عه‌رووزیشا واته و مه‌فهوومێکی ئه‌مڕۆیی ده‌ربڕێ ، شێعره‌که‌ی نوێیه و کۆنی قاڵب نابێته هۆی کۆنی شێعره‌که‌ی\\'(3)
**
ئه‌گه‌رگرینگترین تایبه‌تمه‌ندی شیعری لای ڕچه‌شکێنی فارسی واته نیما دیدی کۆمه‌ڵگه‌رایانه و ناوه‌رۆکی کۆمه‌ڵایه‌تیه و نیما شاعیرێکه که له ده‌ردی گه‌ل و کۆمه‌ڵی خۆی باش شاره‌زا و تێگه‌یشتوه و ئه‌و له شیعری خۆی دا هه‌ست به به‌رپرسایه‌تی ده‌کا و ئه‌رکێک بۆ خۆی له به‌ر چاو ده‌گرێ و شیعره‌کانی وه‌ک "محبس"\\'، "\\'کرم"\\' ، "\\'ناقوس" و سه‌ره‌نجام "\\'آی آدمها"ی بۆ ده‌نووسێ و لای سواره‌ش ئه‌و هه‌سته سه‌باره‌ت گرفته کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رده‌کانی گه‌ل هه‌ست پێ ده‌کرێ و تێگه‌یشتنێکی تا ڕاده‌یه‌کی باش سه‌ر هه‌ڵده‌دا ؛ به‌ڵام شیعر له‌و به‌ستێنه‌دا له گه‌ڵ هه‌ستیاری شاعیر کۆک نیه و شیعری سواره زیاتر له وه‌ی هه ڵوێست وه‌رگرتنێکی شاعیرانه بێ؛ ته‌ریکی هه‌ڵ بژاردنێکی ڕۆمانسیانه‌یه و شیعری شار به‌ڵگه‌یه‌کی باشه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته و هه‌ڵاتنی شاعیر له شار و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ باوه‌شی کپ و ک‌ش و ڕۆمانتیکی دێ و له باتی مل ملانێ له گه‌ڵ دواکه‌وتوویی و ته‌ریک که‌وتنه‌وه ، له باتی ڕووکردنه ناو گۆڕه‌پانی پێش که‌وتن و خۆش کردنی به‌ستێنی نوێ بوونه‌وه ؛ به پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی ڕووناکبیرانه‌ی سه‌رده‌م ؛ له شار پشت هه‌ڵ ده‌کات و ته‌نانه‌ت وه‌ک ئه‌و جوتیار و فه‌لایانه‌ی سه‌رده‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تیش هه‌ڵوێست وه‌رناگرێ که ئه‌وان به هۆی بار‌و دۆخی ناهه‌مواری کۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌رده‌مه‌وه ڕوویان له شار ده‌کرد و ئاوڕیشیان بۆ دێ نه‌ده‌دایه‌وه . ره‌نگه زۆریش نابه‌جێ نه‌بێ که باروودۆخی ڕامیاری و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی سواره‌ی تێدا ده‌ژیا وه‌ک گواستنه‌وه و جێگۆڕکه‌ی قۆناغی ده‌ره‌به‌گایه‌تی بۆ سه‌رمایه‌داری به کارتێکه‌ر و شوێن دانه‌ر له‌سه‌ر سواره بدرێته به‌ر سه‌رنج له به‌ر ئه‌وه‌ی چونکه سواره وه‌ک بنه‌ماڵه‌ش ده‌رگیری ئه‌و بار‌و دۆخه‌بوو ته‌نانه‌ت خۆیشی ئاماژه‌ی ده‌داتێ:"منێ که گۆچی تاوی گه‌رمی به‌ر ده‌واره‌که‌ی عه‌شیره‌تم"(4) و سواره‌ی کوڕه‌به‌گزاده ناتوانێ له شار نازی جارانی هه‌بێ و له شار که هه‌ر که‌س له ئاسته خۆی ده‌توانێ کوڕه ئه‌عیان و ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵات داریش بێ و شانازی به خۆی بکا ؛ ناتوانێ دڵ دابه‌ستێ و خه‌ڵوه‌تی خۆوه‌ڵاتی وه‌لانێ و تێکه‌ڵ به هه‌را و هۆریای شار‌و ئاپۆرای پڕ له زه‌نازه‌نای جه‌ماوه‌ر بێت و پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵایه‌تی له جیات خه‌ڵوه‌تخانه‌ی "بناری پڕ به‌هاری دێ " هه‌ڵبژێرێ .
یان له شوێنێکی تردا ده‌ڵێ: " لاوی دێ به هه‌زار هه‌ودای ئاوریشمین به ڕابردووی خۆیه‌وه به‌ستراوه"(5)
هه‌ر وه‌ها له شیعری خێڵی درۆدا هه‌ڵبژاردنێک ڕووده‌دا که شکانه‌وه‌ی کوێستانی به‌سه‌ر شاری به گرمه و دووکه‌ڵ دا لێ ده‌که‌وێته‌وه . خوێندنه‌وه ده‌که‌وێته به‌ر پلار و" کرمی کتێب" که له‌وانه‌یه باشترین پێ هه‌ڵگوتن بۆ ئه‌هلی خوێندنه‌وه و کتێب بێت وه‌ک ئاوه‌ڵناوێکی دزێو ده‌داته پاڵ ئه‌وانه‌ی که به نه‌یاریان ده‌زانی و ده‌یانکاته "حاشارگری ڕووبه‌ندی وشه" .که ئاشکرایه حاشاریش بۆ ڕاست کردنه‌وه‌ی کێش له جیات حه‌شار ده‌کار کراوه . سواره له‌م شیعره‌شدا له جیاتی هه‌ڵبژاردنی سه‌کۆی خوێندنه‌وه و تێکه‌ڵ بوون به وشه ؛ ڕووده‌کاته بای کوێستان ولای ئه‌و "گرمه‌ی کوێستانی\\' له "به‌رمووری وشه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ " خۆشه‌ویست تر و دڵگرتره .
***
شیعری شار له ڕوانگه‌ی هونه‌ریه‌وه له ئاستی خه‌وه‌به‌ردینه‌دا نیه به‌ڵام یه‌کێک له به‌ناوبانگترین شێعره‌کانی سواره‌یه که بۆ هه‌ڵوێست وه‌رگرتنی سواره‌ش له گه‌ڵ چه‌ند شێعری وه‌ک" کچی به‌یان" و "خێڵی درۆ "و "تۆ ده‌ریامی" و... لێی ئه‌ڕواندرێت.
سواره یه‌که‌م که‌س نیه که شاری کردۆته مووتیڤی شێعره‌کانی ته‌نانه‌ت له چوارچێوه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی‌دا به‌و چه‌شنه‌ی کاک ڕه‌هبه‌ری مه‌حموودزاده نووسیویه(5) ؛ به‌ڵکوو که‌سانی دیکه‌ش هه‌ن که هه‌ر له سه‌رده‌می ئه‌ودا له شێعریان دا شار پڕ شه‌وق و شه‌به‌ق و به چه‌شنێک پێناسه‌شه‌وه خۆ ده‌نوێنێ بۆ وێنه:
به چاو و گوێ
په‌له‌قاژه‌ی شعووری بوونم بوو
سه‌رنجی چاوی به هه‌ڵپه‌م
شه‌وی سمی
له هه‌موو لاوه
بۆ ترووسكایی
به له‌ز بوو گیانی به سوێ
دڵی به خورپه له بن گوێ
وه گوێ به وریایی
به كوڵ مه‌ڵاسی جریوه‌ی ژیان
به‌ڵام هه‌یهات!
مه‌لوولی كردم شه‌و
مه‌لوولی كردم شه‌وگار
عه‌زابی دامێ شه‌وی بێ ڕه‌زا
به گۆڕه‌وشار
«» «» «» «»
كه‌چی له دوورترین ناخی ئه‌م شه‌وا
ناكاو
به نه‌رمه ئاهه‌نگێ
درنگ درنگ ده‌نگێ
وه‌كوو په‌ته‌ی سه‌ر ئاو
شه‌پۆلی خسته ده‌روون
له گوێم ته‌نینی له گوێن هه‌ڵقوڵینی كانی بوو
ته‌نینه‌وه‌ی وه‌كوو بۆنی هه‌ڵاڵه ئانی بوو
شنه‌ی بلاوێنی
دنه‌ی ئه‌دا به خه‌یاڵ:
هه‌را هه‌رای نووحه،
گه‌می ئه‌خوڵقێنێ
كه دێوی زاڵمی شه‌و
هه‌ڤاڵه‌كانی به لافاوی ڕه‌ش نه‌خنكێنێ؟
به‌یاخی كاوه‌یه ئاخۆ
به ڕه‌مزی فه‌تحی به‌یانی
له جه‌رگی شه‌و ئه‌چه‌قێ؟
مه‌لی به‌یانه له شه‌و زیزه بێ وچان و هه‌دا
ده‌نووكی سه‌ختی له په‌رژینی قایمی شه‌و ئه‌دا؟
وه یا ته‌ور به ده‌سێكه
له دارستانی چڕی شه‌و
خه‌ریكه تێئه‌په‌ڕێ
ڕوو له شاری ڕووناكی؟(7)
دووکۆپله‌ی شێعری "\\' شه‌وه"چاوه- 1343-
***
له شێعری حه‌وته‌وانان
ته‌واری به‌سامی كه‌ژی كورده‌واری!
به جوانی دلێر و به نازی كه‌نیشكانه تێر و ته‌یاری
ده‌سا به‌شقی خوا به‌س كه تاوێ
به كه‌وله‌نجه شێت و چه‌واشه‌م مه‌كه
ده‌مێ لێم گه‌ڕێ!
سه‌رنجم ده‌مێكه زوڵاڵیی نه‌ماوی چه‌په‌ڵگه‌ی هه‌راسانكه‌ری گه‌وره‌شاره
به‌ڵا با له چاوه‌ی گه‌ش و ڕوونی دوو چاوی شینت،
كه هه‌روه‌ک زرێباری به‌ر تاو و ساوی به‌یانه،
مه‌له‌ی ده‌م
به‌ڵا با حه‌ریری سپی ده‌سته‌كانت
وه‌كوو نانی شوانی،
كه ده‌سكه‌وتی ئێواره‌كانه له پاش ڕه‌نجی ڕۆژانی شوانی،
بگووشم به سینگا
به‌ڵا با له گیانی جه‌خارئاژنم بێته ده‌ستی مه‌سیحا.(8)
) چاوه) - مه‌ریوان - به‌فرانباری- 1346- (1967)
سه‌رده‌مێک که ئاڵووگۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی به چه‌شنێک زه‌ق ده‌بێته‌وه که دیارده‌ی ئاشکرای به‌دوادا بێت سه‌رنجی هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵ بۆ لای خۆی ڕاده‌کێشێ و هونه‌رمه‌ند جه‌ماعه‌تیش له‌و قاعیده نه‌ک ده‌رناهاوێژرێن به‌ڵکوو ئه‌وان ده‌توانن ڕاگیری که‌ن و ته‌نانه‌ت له بۆ داهاتووه‌کانیشی تۆمار که‌ن .سه‌رده‌می کۆچ بۆ شار به هۆی جێگۆڕکه‌ی ئه‌و توێژه‌ی زه‌وی و زاری نه‌بوو بۆ شار ؛ شاری کرده دیارده‌یه‌کی سه‌یر و
ناوازه و شاعیرانیش کردیانه سووژه و مووتیڤ و له شێعره‌کانیان قایم کرد.که‌م که‌س هه‌بووه به جۆرێک ئاوڕی وێ نه‌دابێته‌وه ، چ نوێ نووس چ کلاسیک نووس . بۆ وێنه کامیل شا هه‌ر له‌و سه‌ر و ده‌مه‌دا شێعری شاری دڵی بۆ ده‌نووسێت:
من ده‌ڵێم شاری دڵم باغ و گوڵستانه که‌چی
عه‌قڵ ئه‌ڵێ نا قه‌سه‌به‌ی شۆڕشی مه‌ستانه نه‌چی(9)
له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه شێعری شار هه‌ندێک کاریگه‌ری چه‌ند شیعرێکی نیمای به‌سه‌ره‌وه ده‌بیندرێ که ده‌ڵێ :
من از این دونان شهرستان نیم
خاطر پر درد کوهستانیم
- مثنوی قصه رنگ پریده ، خون سرد – (10)
یا له‌شوێنێکی تردا ده‌ڵێ :
مرا زهرچه که نیکوست در جهان پی آن
به طیب خاطر روشن مدام کوشیدن
خوش است مثل بهائم گریز از ره شهر
چو رود از پی کهسارها خروشیدن
شب دراز نشستن به صحبت یاران
به یاد رفته و ذکر گذشته جوشیدن
قه‌تعه‌ی "خوشی من "\'- (11)
یا له شیعرێکی تردا ده‌ڵێ :
با همه این تبهی به‌ر تباه تو بکار
تا چه در گوش کنیشان به تو روی آورده
پاسخ آنچه شنیدستی یک حرف بگو
به صد شهر ارزد یک روز بهاران در ده
قه‌سیده‌ی - دیهقانا – (12)
به کورتی واده‌ر ده‌که‌وێ که ته‌نیا سواره خۆی وای بیر نه‌کردۆته‌وه ؛که شار جێگه‌ی گه‌ش و ڕوون بوونه‌وه‌ی سه‌رنجی شاعیرانه نییه و پێویسته شاعیر خۆی له شاری گه‌وره بدزێته‌وه که دووکه‌ڵ به‌ری سه‌رنجی شاعیرانه‌ی لێ ده‌گرێ و چاوی تێدا به شه‌واره‌ی چرای نیئۆنی ده‌که‌وێ .یان سواره خۆی له وتاری:" که‌ی کێشه‌ی نێوان شێعری کۆن و نوێ ئه‌بڕێته‌وه"\'ده‌ڵێت: "شار کراوه به ئیماژی سفه‌ت و بێبه‌زه‌یه‌تی و پاره‌پارێزی و نزمی خوو و ڕه‌وشت \'()13
ئێمه له فه‌رهه‌نگی قسه‌ی نه‌سته‌ق و په‌ندی پێشوونانمان دا هه‌مانه و بێ گومان که‌سێکی وه‌ک سواره‌ش ده‌بێ ئه‌وه‌ی بیستبێ که" نقه له ده‌ریادا هه‌ڵ ده‌که‌وێ "و سواره‌ش هه‌ر بۆ خۆی له‌و فه‌زا شاریه‌دا و به‌تایبه‌ت هه‌لی ڕادوێ تارانی بۆ بۆته هۆی گه‌شه و نه‌شه‌ی هزر و بیر و زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانیشی له سه‌رده‌می شارنشینی بوونی دا سه‌ریان هه‌ڵ داوه هه‌ر بۆیه نه‌ده‌بوو ئیجازه بدا که له شیعری ئه‌و دا لادێ به‌سه‌ر شاردا بشکێته‌وه و هه‌ڵبژاردنی دێی به سه‌ر شاردا لێ بکه‌وێته‌وه .
****
ئاوڕ دانه‌وه له زمانی شێعری سواره ، که‌م مه‌یلی ئه‌ومان بۆ ده‌ستکاری کردن و داڕشتنه‌وه‌ی زمان به شێوه‌یه‌کی تازه نیشان ده‌دات . ئه‌و به مانه‌وه له گوڕم (قۆناغ)ی یه‌که‌می خۆی له حه‌وزه‌ی زمانه‌وانیدا و به که‌ڵک وه‌رگرتن له وشه گه‌لێکی تایبه‌ت که پیشانده‌ری ئاستی سه‌رده‌می قه‌یرانی ئه‌ندێشه‌یه ؛ که‌متر هه‌ست به زه‌رووره‌تێکی نوێش بۆ دۆزینه‌وه‌ی زمانی تایبه‌تی ده‌کات و هیچ گومانێکیش له‌وه دا نیه که گۆڕانکاری و نوێ بوونه‌وه له بازنه‌ی ئه‌ندێشه‌دایه که زه‌رووره‌تی ده‌ستکاری کردنه‌وه‌ی زمانیش ده‌خوڵقێنێ وهانده‌ره بۆ ئافراندنی زمانێکی سه‌ر‌به‌خۆ. سواره له سه‌رکه‌وتووترین شێعری خۆیدا واته "خه‌وه‌به‌ردینه"\'په‌ره‌پێدانی هاونشینی وه‌کوو توخمی زاڵی زمانی تا شوێنێک درێژه پێده‌دا که ده‌بێته هۆی جیاوازبوونه‌وه و توانایی مانۆڕی گۆڕان له شێعره‌که‌یدا به‌ڵام هه‌ر ئه‌م توخمه‌ش ده‌بێته گرێیه‌ک که به‌ر له ڕوون بوونه‌وه و شه‌فافیه‌تی زمانی بگرێ به چه‌شنێک که لایه‌نی سێهه‌می زمان واته مانا،گران خۆ به ده‌ست خوێنه‌ره‌وه بدات و کۆپله‌کان تووشی ئاسته‌نگی له ده‌ربڕینی مانادا ده‌کات.له شێعره‌کانی سواره‌دا حوزووری پڕڕه‌نگی ووشه‌گه‌لێکی وه‌ک یه‌خسیر، قه‌تیس ،گه‌مارۆ، زیندان ، خوێن و وشه‌گه‌لێکی دیکه‌ی وه‌ک خرۆشان، شه‌پۆل، سروود، جۆبار، چۆم ، ده‌ریا، لووزه‌و ، ڕه‌هابوون، و نه‌سره‌وتن و ڕۆیشتن وهتد؛ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن که شاعیر له‌م قۆناغه‌دا مه‌جالێکی بۆ به قووڵایی دا چوون و ڕۆچوون به هیچ دیمه‌نێکی ده‌وروبه‌ری و ته‌نانه‌ت بیرۆکه‌یێکی فه‌لسه‌فیانه‌ی خۆیشیدا نیه( ئه‌گه‌رچی خۆێشی له‌و بڕوایه‌دایه که شێعر له فه‌لسه‌فه نێزیکتره تامێژوو-13-) و هه‌ڵوێسته‌کردن و له‌نگر خستن له‌م قۆناغه‌دا کارێکی دژواره و ئه‌وه ڕۆیشتن ؛ ته‌نانه‌ت له شاریشه که چاره‌سه‌رکه‌ر و کارسازه و هه‌توانی ئه‌و هه‌موو زام و برینانه‌یه و ئه‌م قۆناغه شاعیر له پانتاوی هه‌ست و بیر دا له بزووتن و ڕۆیشتندایه و زمان له‌م کاته‌دا ڕه‌وانی و سه‌لیسی پێویسته و سواره له‌م پانتاوه دا به باشی که‌ڵک له زمانی په‌تی و زمانی بێ گرێ و گۆلی دێ و قه‌واره‌ی سرووشتی زمان به گشتی وه‌رده‌گرێت . تۆ بڵێی سواره وه‌ک تاقه‌تی مانه‌وه له شاری نیه ؛ زمانی تازه‌شی پێ نیه بۆ شاری شێعر.ئه‌و له شێعره‌کانیدا زیاتر له ئیستیعاره‌ش له ته‌شبیه که‌ڵک وه‌رده‌گرێت که ئه‌مه‌ش له خۆیدا که‌متر سه‌رپه‌رژانی بۆ سه‌ر زمان ده‌گه‌یه‌نێت و دیسان ده‌مانگه‌یه‌نێته‌وه به سه‌ره‌تای بابه‌ته‌که‌مان که لای سواره‌ی ئیلخانی زاده ، نوێ بوونه‌وه‌ی شێعری کوردی ته‌نیا ناوه‌رۆکه و به‌س /.
سه‌رچاوه :
1- زه‌مزه‌مه‌ی زوڵاڵ –سه‌رجه‌می به‌رهه‌می سواره‌ی ئیلخانیزاده -کۆکردنه‌وه‌ی عه‌بدولخالق یه‌عقووبی – ده‌زگای ئاراس- هه‌ولێر – 2007 – لاپه‌ڕه‌ی 579
2- هه‌مان سه‌رچاوه - لاپه‌ڕه‌ی 596
3- هه‌مان سه‌رچاوه - لاپه‌ڕه‌ی195
4- هه‌مان سه‌رچاوه - لاپه‌ڕه‌ی500
5- هه‌مان سه‌رچاوه - لاپه‌ڕه‌ی 69
6- زرێبار- وه‌رزنامه‌ی فه‌رهه‌نگی/ئه‌ده‌بی/کۆمه‌ڵایه‌تی- ژماره‌ی58و59 - پاییز و زستانی84 لاپه‌ڕه‌ی 228
7و8 - وه‌رگیراو له ئینتێڕنێت .
9- سه‌ید کامیل ئیمامی – دیوانی کامیل شا(ئاوات) – لێکۆڵینه‌وه و له سه‌ر نووسینی سه‌ید نه‌جمه‌دینی ئه‌نیسی – چاپخانه‌ی ڕه‌هڕه‌و – موهاباد – 1381- لاپه‌ڕه‌ی 53
10- نیما یی دیگر - ضیاءالدین ترابی- تهران پاییز 1374- ص35
11- نیما یی دیگر - ضیاءالدین ترابی- تهران پاییز 1374- ص44
12- نیما یی دیگر - ضیاءالدین ترابی- تهران پاییز 1374- ص50
13- زه‌مزه‌مه‌ی زوڵاڵ - سه‌رجه‌می به‌رهه‌می سواره‌ی ئیلخانیزاده -کۆکردنه‌وه‌ی عه‌بدولخالق یه‌عقووبی -ده‌زگای ئاراس- هه‌ولێر - 2007 – لاپه‌ڕه‌ی 195
14- هه‌مان سه‌رچاوه - لاپه‌ڕه‌ی 56